شارەکەم سنە - 1 - podcast episode cover

شارەکەم سنە - 1

Feb 04, 202231 minSeason 1Ep. 2
--:--
--:--
Download Metacast podcast app
Listen to this episode in Metacast mobile app
Don't just listen to podcasts. Learn from them with transcripts, summaries, and chapters for every episode. Skim, search, and bookmark insights. Learn more

Episode description

کتێبی "شارەکەم سنە" ئەگەرچی دەقێکی درێژی شێعرییە، بەڵام خوالێخۆشبوو مەحیەدین حەقشناس شاعیری ئەم کۆمەڵەیە بە ئاوردانەوە لە فەرهەنگ و دابونەریتی سەدان ساڵەی شاری سنە و بووژاندنەوەی زۆر دەستەواژە و یاری و قسەی نەستەق و فەرهەنگی کۆن و بە شێوازێکی شێعری، وێنەیەکی خولیایی و تایبەتی لەو شارە دادەڕێژێت کە تێکرای پشت‌ئەستوورە بە یادەوەری و ئەو ساتەوەختانەی کە هەمیشە خراونەتە دەرەوەی مێژوو.

لە مەنزوومەی شارەکەم سنە ناوی یەکەیەکەی شێوە لە بیرکراوەکانی ئەو شارە و گەڕەکە کۆنەکانی لە رێگەی بیرهێنانەوەوە پەیوست دەکرێن بە ڕووداوێک و گێڕانەوەیەک و ئەوسا دەبنە گێڕانەوەی ناوبژیگەرانە بۆ بنیاتنانەوەی مێژوو و گرێی دانەوەی بە یادەوەری و مێژووی پەرتەوازە پێکەوە لە رێگەی ئاوێتەکاریی شێعر و فۆلکلۆر و هێنانەوە بەرکاری فۆڕمی دە بڕگەیی و پشت‌بەستن بەو ئەدەبەی کە تێیدا ئەزموونی شاعیر ئەزموونێکی پڕاوپڕە بۆ بارگاوی کسـردنی یادەوەری و ئەزموونەکانی.

مامۆستا حەقشناس لە پێشەکی ئەم کتێبەدا دەنووسێ: "شارەکەمان سنەی خۆشەویست سەحرا و سەیرانگا و کانی و باغ و ئاسار و ڕەسم و یاسا و سوننەت‌گەل عەزیز و زەریف فرەیەکی بوو کە وردە وردە لە بین چوون و حەتا ناویشیان کەم کەم خەریکە لە هۆش ئەچێتۆ".

شێعرەکانی مەنزوومەی "شارەکەم سنە" زۆر زوو رێگەی بڕییە ناو دڵ و زمانی خەڵکی شاری سنە و تەنانەت شارەکانی دیکەش و لەوساوە بۆتە ئاوێنەی باڵاونوێنی فەرهەنگی سەدان ساڵەی خەڵکی ئەو شارە. هەر بۆیە فەردین سادق ئەیووبی هونەرمەندی ناسراوە لە یادداشتێکدا لەبارەی مەحیەدین حەقشناس و کتێبکەی دەنووسێ: مامۆستا بە تێگەیشتنێکی نەتەوەیی، مەنزوومەیەکی خوڵقاند کە تا ئێستاشی لە سەر بێت وەک شەمعێکی بە گڕووتین لە هەمبەر زاڵبوونی فەرهەنگ بو بایەخگەلی بیانیدا وەستاوە و تیشکی کردۆتە رێ‌نیشاندەری بەرەکانی دوای خۆی.دەنگی بە سۆزی مامۆستا حەقشناس بەستەیەکی دوێنێی، ئەوڕۆیی و بەیانییە بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی لێرەن و چرایان لەم مالەدا دەگڕێ و بۆ ئەو کارە جوگرافیایەکی فەرهەنگی بە لێریکیا، حەماسە، عەشق و سۆزداری و وەفا و ڕێزنانی چێ کردووە.

بێ گومان شێعرەکانی ناو ئەو مەنزوومەیە، دەنگی چینێکی کۆمەڵایەتییە کە توانای دەربڕینی دەنگ و بەسەرهات و گێڕانەوەیان نەبووە و شاعێر خۆی کردۆتە زمانحاڵی ئەو کەسانە و بیرمان دەخاتەوە کە ئەم جێهانە ڕەنگاڵەی زمان و فەرهەنگ و شار بەرهەمی هەر ئەو کەسانەن کە مێژوو لە یادی کردوون. بەو چەشنە شاعێر دەبێتە ناوبژیگەرێک بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئەو دەنگانە و بارگاوی کردنی بە بەرەکانی دوای خۆی.

مامۆستا مەحیەدین حەقشناس ڕۆژی ۲۲ی بەفرانباری ساڵی ۱۳۰۳ی هەتاوی لە گەڕەکی قەتارچییانی شاری سنە لە دایک بووە. لە سەردەمی منداڵیدا چۆتە مەکتەب و قورئان و گوڵستانی سەعدیی تەواو کردووە و فێری بنەما و یاساکانی شیعر و شاعیری بووە. پاش تەواوکردنی قۆناغی ناوەندیی قوتابخانە بڕوانامەی دیپڵۆمی ئەو دەمی وەرگرتووە و لە ساڵی ۱۳۲۲وە یەکێک لە مامۆستاکانی خۆی هانی دەدات کە ڕوو بکاتە هۆنینەوەی شیعر.

مامۆستا حەقشناس پاشتر لە وەزارەتی فەرهەنگ دامەزرا و وەکوو مامۆستای قوتابخانە نێردرایە کرماشان و ساڵی ۱۳۲۷ گەڕایەوە شاری سنە و هاوسەرگیریی کرد و بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییەش دوو کوڕ و دوو کچە.

مامۆستا دواتر هاوکاریی لە گەڵ ڕادیۆ سنە دەست پێ کرد و لە بەرنامەی شێعر و قسەی شیرینی ڕادیۆ سنەدا بەشداریی کرد و ڕووی کردە قسەی باوی ناو کۆڵان و بازاڕی شاری سنە و کۆمەڵێک بەرهەمی کۆ کردەوە کە ئێستاش هەندێکیان لەچاپ نەدراون.

بەرهەمی شێعریی "شارەکەم سنە" وەک گرینگترین بەرهەمی مامۆستا حەقشناس کە بە هەوڵی ماجد مەردۆخ ڕۆحانی و لە سەر ئەرکی بڵاڤگەی سرووش بە شێوەی دەنگ و کتێب بڵاوکراوەتەوە و دواتر بە مەودای نزیکەی دوو دەیە لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لە دوورۆی ٢٤٠ لاپەڕە لە لایەن بڵاڤگەی پانیزی تاران ئاراستە کرایەوە.

For the best experience, listen in Metacast app for iOS or Android